28/12/2023
فۆڕن پۆڵسی ئەمریكی نوسیویهتى: 🔻بۆچی ناتۆ بەردەوامدەبێت لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەردۆغانێکی ناهاوکارو ناسازگاردا؟ وا دیارە ئەردۆغان لەهەموو دەرفەتێکدا هەوڵی لاوازکردنی ناتۆ دەدات، ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە ناتۆ چاوێک بخشێنێتەوە بەئەندامێتی تورکیادا؟🔻دیپلۆماتکارانی تورکیا زۆرجار پێیانخۆشە بیرى هاوتانێودەوڵەتییەکانیان بهێننەوە کە تورکیا لەناوچەیەکی سەختدا دەژیو پاراستنى سەروەریەکەی بەڵگەیە لەسەر لێهاتویی دەوڵەتمەداری لەتورکیا کە ماندونەناسانە کاریانکردوە بۆ ئەوەی ئاسایشی تورکیا پارێزراوبێت.🔻ئەم دیدە دروستە، سەرکردایەتی عیسمەت ئینۆنۆ ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەئەوەی تورکیا لەجەنگی جیهانی دوەم دوربخاتەوەو بیخاتە ژێر ڕکێفى ئەڵمانیای نازیەوە، لەکاتێکدا هێشتا هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بوو، هەروەها ڕژێمی کەمالیستیش ئەوەندە دوربین بوو کە کۆماری نوێ بەدوربگرێت تا لەهیچ ململانێیەکی نێودەوڵەتیدا بەشداریی نەکات، چونکە دەبوە هۆی دروستکردنى بەربەست لەبەرامبەر بەگەشەسەندنی ئابوری، بەڵام ئەوەی ڕێگەی بەتورکیادا زیاتر پێشکەوێت لەڕوى ئابورییەوە بون بەئەندامى ناتۆ بوو، تورکیا لەساڵی 1952 لەگەڵ یۆنان بون بەئەندامى ئەو هاوپەیمانییە، لەبەرئەوەى ئیدارەی ترومان پێیوابوو کە بەبێ ئەندامێتی ئەوان، ناتوانرێت کۆمۆنیزم لەئەوروپادا جڵەوبکرێت.🔻پەیوەستبون بەناتۆ سەربارى هاوکارییە داراییەکان بەپێی بنەماکەى ترومان (400 ملیۆن دۆلار بۆ یۆنانو تورکیا)و هاوکارییە سەربازییەکان، ڕێگەی بەئەنكەرەدا توانایەکى سەربازیی سەردەمیانە بنیات بنێتو سودی درێژخایەنی بۆ تورکیا دابین بکات، نزیکی لەڕۆژئاوا وایکرد تورکیا بتوانێت بەدواداچون بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا بکات، لەهەموی گرنگتر، ئەندامێتی ناتۆ ڕێگەی بەئەنكەرەدا کە زیاتر لەتوانا سەربازییو ئابورییەکەیەوە هەنگاوبنێت.🔻ئامادەیی ئەنكەرە بۆ بینینی ڕۆڵی سەربازیی لەئۆپەراسیۆنە گرنگەکانی ناتۆ، وەک ئامادەیی لەکۆسۆڤۆو ئەفغانستان، دەنگێکى بەرزى بەتورکیا بەخشی لەناو ناتۆدا، لەئەنجامدا زۆرێک لەئیدارەکانی ئەمریکا گرنگییەکی تایبەتیان بەنیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنكەرە داوە، جا پەیوەندیى بەپەکەکەوە ههبێت یان هەڕەشەکانی ڕوسیای ڤلادیمێر پوتن.🔻لەتشرینی دوەمی ساڵی 2015، دوای ئەوەی تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسی لەسنورى ئاسمانی خۆیدا خستەخوارەوە (یەکەم کردەوەی ئەندامێکى ناتۆ بوو لەساڵی 1952وە)، پوتن ناچاربوو بەوردی بیر لەوەڵامدانەوەی سەربازیی ئەندامێکی ناتۆ بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر تورکیا ئەندامى ناتۆ نەبوایە، دەکرا توشی چارەنوسێکی هاوشێوەی ئەو چارەنوسەبێت کە ئۆکرانیا لەساڵی 2014 توشی بوو، بەڵام ئیدی ئەم ڕۆژە خۆشانە تێپەڕیون، ئەمڕۆ زۆرینەی دانیشتوانی تورکیا ئەمریکا بەگەورەترین مەترسی بۆ سەر تورکیا دەزانن، لەکاتێکدا تەنها 19%ى دانیشتوانەکەى ڕوسیا بەهەڕەشە دەزانن، تورکیا بەڕابەرایەتى ئەردۆغان، بەردەوام هەوڵی لاوازکردنى ئاسایشی ناتۆی داوە.🔻پەلکێشانى ناتۆ لەوڵاتانی ئەسکەندەناڤیا لەبەرچاوبگرن، کە ئەردۆغان لەساڵی 2022وهوه ئەو پرسەى بەبارمتە گرتوە، چ شتێک پێویستە بۆ ئەوەی ئەردۆغان ئەندامێتی سوید پەسەندبکات کە بچوکترین کارە کە لەئەندامێکى ناتۆ چاوەڕوان بکرێت؟ وەڵام: ڕەزامەندى واشنتۆن بەفرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی نوێی ئێف 16 بەتورکیاو ڕەنگە کۆبونەوەیەک لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەکۆشکی سپی، ڕەفتارى هاوپەیمانانی ناتۆ دەبێت بەبەهاى هاوبەش دیاریی بکرێت نەک مامەڵە.🔻هۆکاری ئەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لەپلەی یەکەمدا سوید بخەنە ناو ناتۆوە، ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی ڕوسیا هەڕەشە لەئاسایشی ئەوروپا دەکات، دانپێدانانی سویدیش یارمەتیدەردەبێت بۆ بەهێزکردنی ناتۆ لەبەرامبەر ئەم هەڕەشەیە، بەڵام تورکیا هیچ شتێک ناکات بۆ نەهێشتنى ئەو مەترسییەی ڕوسیا دروستیکردوە.🔻لەڕاستیدا تورکیا لەساڵی 2019 بەهەموو شێوەیەک هەوڵیدا بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی موشەکی ئێس ـ 400ى ڕوسی کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یەکگرتویی ناتۆ تێکدەدات، هەر بەهۆی ئەمکارەوە بوو کە ئەنكەرە لەبەرنامەی ئێف 35ی ئەمریکا دورخرایەوەو لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە خرایە ژێر سزاکانی CAATSA، بەڵام ئەردۆغان هیچی نەکردوە بۆ پاشەکشەکردن لەم هەڵوێستە قبوڵنەکراوە.🔻لەسەرەتای لەشکرکێشی هەمەلایەنەى ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەساڵی 2022، ئیدارەی بایدن داوای لەئەردۆغان کرد زیاتر کاربکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی ڕوسیا بتوانێت ژینگەیەکی دارایی لەبار دروستبکات بۆ سەرمایەدارەکانى تا پارەکانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەو گەمارۆى سەر ڕوسیا بشکێنن، بەڵام نەک هەر ئەمکارە نەکرا، بەڵکو بەگوێرهى زانیارییەکان، تورکیا لەسنورى دەریایی خۆیدا مۆڵەتی داوە بەدوبارە بنیاتنانەوەی کەشتییە کەسییەکانی پوتن (کەشتیگەلی توزلا).🔻کاتێک لەبەرژەوەندییە ئەمنییە گرنگەکانی ناتۆ ورد دەبیتەوە، بۆت ڕوندەبێتەوە کە تورکیا چالاکانە لاوازى دەکات، بۆ نمونە هەوڵەکانی ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەی داعش لەسوریا لەبەرچاو بگرە، هێزەکانی سوریای دیموکراتو هاوبەشە ئەمریکییەکانی لەگرنگترین قەوارەکانی ناوچەکەن کە دەتوانن هاوکاربن لەکۆنتڕۆڵکردنو زیندانیکردنی چەکدارانی داعشو درێژەدان بەئەرکەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەدژی پاشماوەکانی لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، بەڵام ئەنكەرە ماوەیەکە هێرشی سەربازیی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدەداتو بەڕێکخراوێکی تیرۆریستیی سەر بەپەکەکە دەیناسێنێت، ئەم هێرشانە لەزۆر حاڵەتدا ژیانی سەربازانی ئەمریکای خستوەتە مەترسییەوەو سوپای ئەمریکای ناچارکردوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بخاتە خوارەوە.🔻لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022، ئەردۆغان بەئاشکرا ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی لاوازکرد بەهەڕەشەی هێرشکردنەسەر یۆنانو لکاندنى بەشێک لەقوبرسی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی کێشە ئاوییەکان بەتایبەتی ئەوەى لەپەیوەندى بەمافەکانی گەڕان بەدواى گازی سروشتییەوە سەرچاوەى گرتبوو.🔻لەکاتێکدا پێدەچێت هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەردۆغان لەناوچەکەدا لەساڵی 2023دا کەم بوبێتەوە، بەڵام جێگەی ئەو هەڵوێستە گۆڕاوە بەپشتیوانی بەردەوامی تورکیا لەتیرۆر. پاڵپشتی ئەنكەرە بۆ حەماس کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوە، دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس کە بوە هۆی کوژرانی زیاتر لەهەزارو 200 کەس لەئیسرائیل، زیاتر کەوتە بەرچاو، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام زۆربەی ئەندامانی ناتۆ بەخێرایی پشتیوانی خۆیان پێشکەش بەو وڵاتە کردوە، بەڵام ئەردۆغان حەماسی بەکۆمەڵێک ئازادیخواز وەسفکردوەو لەڕوی دیپلۆماسیو داراییو سەربازییەوە چالاکانە پاڵپشتی ئەم ڕێکخراوە دەکات.🔻ئەگەر ئەمڕۆ ئەنكەرە داوای ئەندامێتی لەناتۆدا بکردایە، تەنانەت لێکۆڵینەوەشیان لەداواکە نەدەکرد، چ جای پەسەندکردنی، تاکە هۆکارێک کە بوەتە ڕێگر لەبەردەم دەرکردنى تورکیا لەناتۆ ئەوەیە کە هیچ میکانیزمێک نییە بۆ لابردنی ئەندامێک دوای پەیوەستبون بەهاوپەیمانییەکەوە. ئەمە کەموکوڕییەکی ئاشکرایە، ڕەنگە ڕێکخەرانى هاوپەیمانییەکە هەرگیز بیریان لەوە نەکردبێتەوە کە ڕۆژێک بێت ناتۆ ستراتیژێک بگرێتەبەر لەبەرامبەر هەڕەشەیەک کە لەلایەن یەکێک لەئەندامەکانی خۆیەوە دروست ببێت.🔻ڕەنگە گۆڕینی یاساکانی ئەندامێتی قورس بێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە ڕوبەڕوی ڕۆژئاوا دەبنەوە، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە. لانی کەم پێویستە ئەندامانی ناتۆ بەیەکگرتویی بمێننەوەو ڕێکبکەون لەسەرئەوەی هیچ جۆرە چەکو توانایەکی سەربازیى بەئەنكەرە نەفرۆشن، وەک فڕۆکەی جەنگی، ئیدارەکەى بایدن سازش دەکات بۆ ئەوەی تورکیا لەدەستنەدات، بەڵام ماوەیەکی زۆرە هۆشداریی دەدرێتە تورکیا: بڕیار بدە! یان هاوپەیمانی ناتۆیتو بەها هاوبەشەکانمان قبوڵدەکەیت یان نەخێر.