رۆژی 12/1/1992 ژماره سفری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ چاپ‌و بڵاوكراوه‌یه‌وه‌و بووه یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ئاداری 1991 كه تائێستاش به‌رده‌وامه له‌ده‌رچوون، كه بۆئه‌وێ رۆژێ ده‌ركردنی رۆژنامه به‌واتای رۆژنامه‌ی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی رۆژنامه‌گه‌ریی، كارێكی ئاسان نه‌بوو.
ئه‌گه‌رچی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مێژووی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی و رۆشنبیریی و رۆژنامه‌گه‌ریی خۆیدا خاوه‌نی سه‌دان نه‌به‌ردی و به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌و كاری ده‌ستپێشخه‌رییانه‌و داهێنانه، به‌ڵام بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه دوای پرس و رایه‌كی زۆر‌و وه‌ده‌ستخستنی وه‌ڵامی ده‌یان پرسیار، ئینجا بڕیاریدا كه گه‌ڵاڵه‌نامه‌كانی سه‌ر كاغه‌ز بۆ كاری پراكتیكی بگوازێته‌وه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ رۆژه‌گه‌رم و به‌جۆشه‌كانی راپه‌ڕینی 1991دا ئه‌و بیرۆكه‌یه خرایه سه‌ر كاغه‌ز تابه‌شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی ئیشی بۆ بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی رێنمایی و دوای بروسكه‌یه‌كی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بڕیاری جێبه‌جێكردنی درا، له‌هه‌ولێرو سلێمانی ده‌ست به‌كۆبوونه‌وه كرا. له‌هه‌ولێر دوو دانیشتنی فراوان كرا، یه‌كێكیان به‌سه‌رپه‌رشتی كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌میش به‌سه‌رپه‌رشتی كاك ئه‌رسه‌لان بایز، له‌هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك ئه‌دیب و نووسه‌رو شاره‌زای بواری هونه‌ری ئاماده‌یبوون. له‌شاری سلێمانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست چه‌ند دیدارێك رێكخرا.
دوای ئه‌وه‌ی ستافێك بۆ رۆژنامه‌كه دیاریكرا، رۆژی 12/1/1992 ژماره سفری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ خرایه ژێرچاپ و بڵاوكرایه‌وه كه لێی نووسرابوو (كوردستانی نوێ، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ریده‌كات) و شاری هه‌ولێر بووه بنكه‌ی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه‌و چاپخانه‌ی رۆشنبیری ده‌سنیشانكرا بۆ چاپكردنی رۆژنامه‌كه.
ده‌ركردنی ژماره سفر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خت بوو، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ستافی رۆژنامه‌كه رۆژیان له‌چاپخانه كرده‌وه، دوای 14 رۆژ پشوو بۆ دابه‌شكردنی كاروباره‌كان به‌كاری ئیداریشه‌وه، رۆژی 26/1/1992 ژماره(1) له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌و وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه به‌رده‌وام بوو.
كوردستانی نوێ یه‌كه‌مین رۆژنامهشه كه دوای مۆڵه‌تی ده‌ركردنی له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و وه‌زاره‌تیش مۆڵه‌تی ژماره یه‌كی به رۆژنامه‌كه داوه.
لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه
له ژمارهسفر تاكو ژماره 81، ره‌نگی رۆژنامه‌كه ره‌ش و سپی و سووره. له‌ژماره 82 تا 94 ره‌نگی ره‌ش و سپی و سه‌وز به‌كارهاتووه. له‌ژماره 95 تا 102 ره‌نگی ره‌ش وسپی و سوور بهكارهاتۆتهوه. پاش مـاوهیهك، زیاتر كـار له‌سه‌ر ره‌نگی سه‌وزكراوه وه‌ك سیمبولی ره‌نگی یه‌كێتیی نیشتمانیی كـوردستان كه تاكو ئێستاش به‌كارهێنانی ئه‌و ره‌نگه بـه‌رده‌وامه، واتهرهنگی زاڵ، ره‌نگی سه‌وزه. بــه‌ڵام له‌بۆنه تایبه‌تییه‌كاندا لاپه‌ڕه‌كانی یه‌كه‌م و دوالاپه‌ڕه كراونه‌ته ره‌نگاوڕه‌نگ. ئێستا (2015) شه‌ش لاپه‌ڕه‌ی كوردستانی نوێ ره‌نگاو ره‌نگه (1-3-5-12-14-16). سه‌ره‌ڕای ده‌ركردنی پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كه لاپه‌ڕه (1-4)ی ره‌نگاوڕه‌نگه.
ئۆفیسی رۆژنامه‌كه
له‌مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 1992 تا رۆژی 31/8/1996 ئۆفیسی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه له‌شاری هه‌ولێر بوو، له‌و مێژووه‌وه تائه‌مڕۆ ئۆفیسی سه‌ره‌كیی له‌شاری سلێمانییه‌و له‌شاره‌كانی تریش نووسینگه‌ی هه‌یه.
سكرتاریه‌تی نووسین
له‌ژماره سفری رۆژی 12/1/1992 سكرتاریه‌تی رۆژنامه‌كه به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه‌دا نووسراوه:
سه‌رنووسه‌ر: ئه‌رسه‌لان بایز، سكرتێری نووسین: ئازاد جندیانی
له‌ژماره 116ی رۆژی 16/6/1992 ناوی فریاد رواندزی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین خراوه‌ته سه‌ر رۆژنامه‌كه.
له‌ژماره 164ی رۆژی 13/8/1992- ه‌وه ئازاد جندیانی بۆته جێگری سه‌رنووسه‌ر.
دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یاسای چاپه‌مه‌نییه‌كان ده‌ربڕی، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ یه‌كه‌مین رۆژنامه بوو كه داوای مۆڵه‌تی ره‌سمی له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كـــرد، مۆڵه‌تی ژماره یه‌كی پێدراو د.فوئاد مه‌عسوم بووه خاوه‌ن ئیمتیاز‌و ناوی له‌سه‌ر رۆژنـــامهكه دانرا، ئه‌مـه‌ش له‌ژماره 451ی رۆژی 2/8/1993 جێبه‌جێكرا.
له‌ژماره 543ی رۆژی 23/11/1993 فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌جێگای ئه‌رسه‌لان بایز بۆته سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه‌و جێگری سه‌رنووسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه.
رۆژی 23/1/1994 ناوی ئازاد جندیانی له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه نه‌ماوه.
له‌ژماره 596ی رۆژی 25/1/1994 ناوی فریاد رواندزی له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه نه‌ماوه. ناوه‌كان به‌مجۆره ماونه‌ته‌وه:
خاوه‌نی ئیمتیاز: د.فوئاد مه‌عسوم، سه‌رنووسه‌ر: فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر
له‌ژماره 1251ی رۆژی 1/4/1996 گۆڕانكاریی لهسكرتارییهتی نووسیندا به‌م شێوه‌یه كراوه:
خاوه‌ن ئیمتیاز: د.فوئاد مه‌عسوم، سه‌رنووسه‌ر: فریاد رواندزی، جێگری سه‌رنووسه‌ر: دڵشاد عه‌بدوڵڵا
له‌ژماره 1853ی 5/5/1999 گۆڕانكاری به‌م شێوه‌یه كراوه:
خاوه‌نی ئیمتیاز: د. فوئاد مه‌عسوم، سه‌رنووسه‌ر: فریاد رواندزی، جێگرانی سه‌رنووسه‌ر: دڵشاد عه‌بدوڵڵا- ستران عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: كاوه محه‌مه‌د.
له‌ژماره 1886 ی رۆژی 21/6/1999 ناوی دڵشاد عه‌بدوڵڵا له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه نه‌ماوه.
له‌ژماره 2188ی رۆژی 3/7/2000 سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه گۆڕاوه‌و ستافی سكرتارییه‌تی نووسین به‌م شێوه‌یه نووسراوه:
خاوه‌ن ئیمتیاز: د. فوئاد مه‌عسوم، سه‌رنووسه‌ر: مه‌حمود مه‌لاعززه‌ت، جێگری سه‌رنووسه‌ر: ستران عه‌بدوڵڵا.
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: كاوه محه‌مه‌د.
له‌ژماره 2723ی رۆژی 7/4/2002، ناوی كاوه محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رنووسه‌ر چۆته سه‌ر رۆژنامه‌كه‌و جێگری سه‌رنووسه‌ریش شێركۆ مه‌نگوڕی. پێشتریش كاوه محه‌مه‌د جێگری سه‌رنووسه‌رو شێركۆ مه‌نگوڕی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین بوون.
له‌ژماره 4938ی رۆژی 31/7/2009 ناوی كاوه محه‌مه‌دو شێركۆ مه‌نگوڕی له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه نه‌ماوه. له‌و ماوه‌یه‌ی كه كاوه محه‌مه‌د سه‌رنووسه‌ر بووه ناوی: كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، توانا ئه‌حمه‌د، جه‌مال عه‌بدوڵڵا، عه‌داله‌ت عه‌بدوڵلا وه‌ك سكرتێری نووسین چـــۆته سه‌ر رۆژنامه‌كه. به‌ڵام له‌ماوه‌ی جیاوازدا.
له‌ژماره 4940ی رۆژی 2/8/2009، ناوی ستران عه‌بدوڵڵا وه‌ك سه‌رنووسه‌ر چـۆته سه‌ر رۆژنامه‌كه‌و دوای سێ رۆژیش دوای ئه‌وه واته رۆژی 5/8/2009 سكرتارییه‌تی نووسین به‌م شێوه‌یه نووسراوه: كاروان عه‌لی، شیرین.ك، محه‌مه‌د كه‌ریم. كه تائێستا (2015) ئه‌و ستافه به‌رده‌وامن.
پاشكۆكان
كوردستانی نوێ، به‌درێژایی مێژووی ده‌رچوونی كه زیاتر له‌بیست و سێ ساڵه به‌به‌رده‌وامی ده‌رده‌چێت، چه‌ندین پاشكۆی ده‌ركردووه، كه هه‌ندێكیان به‌رده‌وام بوون و هه‌ندێكیان یه‌ك ژماره یان چه‌ند ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌رچووه. لێره‌دا ئه‌و پاشكۆیانه ده‌خه‌یه‌نه‌ڕوو كه ئێستا به‌رده‌وامن له‌ده‌رچوون:
پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
رۆژی 28/1/1993 یه‌كه‌م ژماره‌ی پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌چوار لاپه‌ڕه‌ی هه‌فتانه ده‌رچووه، له‌قه‌باره‌ی تابلۆیددا بوو، له‌ناو رۆژنامه‌كه داده‌نرا به‌ڵام به‌خۆڕایی بوو، ریزبه‌ندی لاپه‌ڕه‌كانی سه‌ربه‌خۆ بوو، به‌شێك نه‌بوو له‌ریزبه‌ندی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه، ئه‌م حاڵه‌ته تا ژماره 20ی پاشكۆكه به‌رده‌وام بوو. بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستاو پاشان ده‌ستی به‌ده‌رچوون كردۆته‌وه. جارێكی تر وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و پاشان ده‌ستی بهدهرچوونكردۆتهوه. به‌گشتی ده‌كرێت ته‌مه‌نی ئه‌م پاشكۆیه به‌سه‌ر چوار قۆناغدا دابه‌شبكرێت. له‌خوولی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مدا 174ی ژماره‌ی لێده‌رچووه. له‌خوولی چواره‌م رۆژی 30/3/2000 به 8 لاپه‌ڕه‌ی سه‌ربه‌خۆ دهرچۆتهوهو ژماره 175 یپێدراوهو تائێستاش به‌رده‌وامه. به‌ڵام ئێستا (2015) چوار لاپه‌ڕه‌یه.
سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌م پاشكۆیه له هه‌ولێر، سه‌عدوڵڵا په‌رۆش بووه‌و دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه چۆته سلێمانی، شیرین.ك بـۆته سه‌رپه‌رشتیار، پاشان سیامه‌ند هـادی و ئێستاش مه‌ریوان مه‌سعود سه‌رپه‌رشتیاری پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره.
ستادیۆم
سه‌ره‌تا وه‌ك پڕۆڤهیهك، بۆدهركردنی پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، (3) ژماره‌ی تایبه‌تی پاشكۆی (ستادیۆمی په‌روه‌رده)ی ده‌ركردووه كه تایبه‌ت بوو به‌خوله وه‌رزشییه‌كانی نێوان هه‌ڵبژارده‌كانی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم. ئه‌و (3) ژماره‌یه‌ش، به‌م شێوه‌یه بڵاوكـــراوهتهوه: رۆژی (16/3/2002) ژماره یه‌ك. رۆژی (30/3/2002) ژماره دوو رۆژی (1/5/2002) ژماره سێ.
دواتر رۆژی (21/7/2002) یه‌كه‌م ژماره‌ی وه‌ك پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه بڵاوكرایه‌وه‌و (29) ژماره‌ی به قه‌باره‌ی (A4) لێدهركرا، دوا ژماره‌ی له‌ڕۆژی (18/2/2003)دابوو، به‌هۆی هاتنه پێشه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه وه‌ستێنرا.
پاشان هه‌ر به‌هه‌فتانه درێژه به‌ده‌ركردنی پاشكۆكه درایه‌وه‌و رۆژی (15/6/2005) ژماره (30)ی لێدهركرا، ڕۆژی (22/5/2007)، ژماره (75) ی لێدهركراوه.
له‌ژماره (76)دا‌و له‌ڕۆژی (1/6/2006)دا كراوه بهڕۆژانهو تا (31-3-2014) به‌رده‌وام بووه. ستافه‌كه‌ی پێكهاتبوون له‌سه‌رپه‌رشتیار: ئیسماعیل مه‌حمود، جێگری سه‌رپه‌رشتیار: سه‌نگه‌ر زرار، به‌ڵام پاشان ته‌نیا ناوی ئیسماعیل مه‌حمود وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار له‌سه‌ر پاشكۆكه مایه‌وه. له (1-6-2014) بووه به‌دوو لاپه‌ڕه له‌ناو كوردستانی نوێ-دا واته لاپه‌ڕه (12-13).
خێزانی كوردستانی نوێ
پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه بوو، له‌ڕۆژی 8/12/2009 یه‌كه‌م ژماره‌ی ده‌رچووه‌و گرنگی به‌منداڵ و كاروباری خێزان و ناوماڵ داوه. چوار لاپه‌ڕه بووه، سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی رۆزا دڵشاد مه‌ریوانی بوو، پاشان سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی گۆڕاوه بۆ كۆسار عوسمان، ئینجا شۆڕش محه‌مه‌د حسێن و دیسان رۆزا دڵشاد مه‌ریوانی بووه‌ته‌وه به‌سه‌رپه‌رشتیاری. له (له‌سه‌ره‌تای مانگی 3ی 2014) وه‌ستاوه‌و ئێستا بووه به‌لاپه‌ڕه (14) له‌ناو كوردستانی نوێ‌دا به‌ناوی كه‌شتی نوح.
كاكێشان
پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه بوو، تایبه‌ت به‌بواره‌كانی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌و جیهانبینی نوێ بۆ رووداوه‌كان. یه‌كه‌مین ژماره رۆژی چوارشه‌ممه 25/8/2010، به 12 لاپه‌ڕه ده‌رچووه، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌حمود شێرزاد بوو، له‌مانگی (3)ی 2014 ه‌وه وه‌ستاوه.
كه‌شتی نوح
پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه‌ی تایبه‌ت بوو به‌بواره‌كانی زانست و زانیاری نوێ، ژماره‌ی یه‌كه‌می له‌ڕۆژی 11/10/2011 ده‌رچووه 4 لاپه‌ڕه بووه. سه‌رپه‌رشتیارانی: هێرۆ جه‌زا، تارا شێخ عوسمان بوون. له‌مانگی (3)ی 2014 ه‌وه وه‌ستاوه. ئێستا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پاشكۆی خێزان لاپه‌ڕه 14ی كوردستانی نوێ یان هه‌یه.
كوردستانی گه‌نج
سه‌ره‌تا مانگی جارێك به 12 لاپه‌ڕه ده‌رچووه، پاشان دوو هـــــــهفته جارێك ده‌رچووه‌و بۆته 8 لاپه‌ڕه. تایبه‌ت بووه به‌گه‌نجان. ژماره 1 رۆژی 25/1/2011 ده‌رچووه سه‌رپه‌رشتیار: پشتیوان زاهیر بوو، پاشان سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی بووه به مه‌حمود نه‌جمه‌دین و دواتر وه‌ستاوه.
ئه‌دگار
پاشكۆیه‌كی تایبه‌ت بوو ناوبه‌ناو ده‌رده‌چوو. تایبه‌ت بهكهسایهتییهكانی بواری ئه‌ده‌ب و نووسین و هونه‌رمه‌ندان. ژماره 1 رۆژی 16/12/2010 ده‌رچووه. ئه‌م ژماره‌یه تـــــایبهته به شاعیر‌و نــــووسهر كـه‌ریم ده‌شتی. هـــــــهشت لاپه‌ڕه‌یه. دووه‌مین ژماره تایبه‌ته به رۆماننوس و نووسه‌ر محه‌مه‌د موكری رۆژی 4/4/2011 به 44 لاپه‌ڕه ده‌رچووه‌و مه‌ریوان مه‌سعود سه‌رپه‌رشتی كردووه‌و ئێستا وه‌ستاوه.
سه‌رنج: هه‌ندێك پاشكۆی سیاسیی و فیكری و بۆنه هه‌یه، ناوبه‌ناو ده‌رده‌چێت له‌ژێر ناویشانی جیاجیا له‌وانه: دۆسێ، دووڕیان و هیتر.
زنجیره‌ی كتێبه چاپكراوه‌كانی كوردستانی نوێ
رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ هه‌ر له‌گه‌ڵ ساڵی یه‌كه‌می ده‌رچوونیدا ده‌ستی بهچاپكردن و ده‌ركردنی كتێب و نامیلكه كردووه. یه‌كه‌مین كتێب كه چاپیكردبێت، راپۆرتی سیاسی بوو، كه هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌كۆنگره‌ی گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ساڵی 1992 پێشكه‌ش به ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی كرد. دووه‌م كتێب، نامیلكه‌یه‌ك بوو له‌نووسینی مام جه‌لال كه بانگه‌وازێك بوو بۆ حزب و ده‌سته‌و رێكخراو‌و گروپه چه‌په‌كان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، تائێستا پڕۆسه‌ی چاپكردنی كتێب به‌رده‌وامه، ئه‌مساڵ ساڵی كتێبه چاپكراوه‌كانی كوردستانی نوێ بووه، كه زیاتر له 20 كتێبی چاپكردووه‌و له‌ئێستاشدا چاپكردنی كتێب به‌رده‌وامه.