30/05/2024
مونا قەهوەچی: بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و مەیدانەکە چۆڵناکەین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند، دوای گەڕاندنەوەی کورسییەکانی کۆتا، بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و مەیدانەکە چۆڵناکەن. دەشڵێت، "دابەشکاری کورسیی پێکهاتەکان بۆ رازیکردنی دڵی یەکێتییە".
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "نیگەرانین لە بڕیاری دابەشکردنی کورسییەکانی کۆتا، ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆن لە بەرژەوەندی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنیش نییە، نا یەکسانە و دادپەروەری تێدا نییە."
لەبارەی نیگەرانییەکانیان لەسەر ژمارەی کورسییەکانی کۆتا، مونا قەهوەچی جەختی کردەوە: "ئەو کورسییەی تورکمان دراوەتە پارێزگای سلێمانی لەسەر حسابی پارێزگای هەولێرە، لە رووی یاساییەوە ناتوانین داوای یاسایی تۆمار بکەین، چونکە لە دادگەی پێداچوونەوە و دەستەی هەڵبژاردن بڕیاری لەسەر دراوە و تانەی لێنادرێت؛ بەڵام دەتوانرێت داوا بکرێت لە کۆمیسیۆن پێداچوونەوە بە دابەشکاری کورسییەکاندا بکات."
رۆژی 20ـی ئایار دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێنج کورسیی کۆتای بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە تەرخانکرد. جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان گوتی: "داوامان لە دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن کردووە کورسییەکانی کۆتا زیاد بکرێن بۆ حەوت کورسی، بەڵام گەشبین نین بە ئەنجامەکەی، چونکە کۆمیسیۆنیش ناتوانێت زیادیان بکات."
بەپێی دابەشکاری کورسییەکانی کۆتا بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو کورسی بۆ تورکمان دانراوە، کورسییەکی بۆ پارێزگای هەولێر و کورسییەکەی دیکە بۆ پارێزگای سلێمانی. مونا قەهوەچی رایگەیاند: "زۆرینەی تورکمانەکان لە شاری هەولێرن، لە کفری کە کورسییەکی بۆ تەرخانکراوە بەشی کورسییەک دەنگدەری تورکمانی تێدا نییە؛ بەپێی ئەو ئامارەی لای ئێمەیە ژمارەی ماڵەکانی تورکمان لە کفری ناگاتە 400 ماڵ."
ئاماژەی بەوەشکرد: "دابەشکاری کورسییەکان بۆ رازیکردنی دڵی یەکێتییە"؛ ستەمێکی گەورە لە کریستیانەکان کراوە لە سلێمانی کورسییان پێدراوە و لە دهۆک پێیان نەدراوە.
پێشتر پێنج پارتی کریستیان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، یەکێک لە داواکارییەکانیان گێڕانەوەی هەر پێنج کورسییەکەیانە لە پەرلەمانی کوردستان. جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لەبارەی بەشداریکردنی پارتەکەیانەوە، گوتی: "پێشتر بایکۆتی هەڵبژاردنمان کردبوو، چونکە کورسی کۆتا لابرابوو، بەڵام ئێستا کە کورسی کۆتا گەڕاوەتەوە مەیدانەکە چۆڵناکەین."