12/10/2023
شۆڕش و ئومێد
وەڵامی سێهەم، لە نێو وەڵامی پرسیارەکانی ئومێد و شۆڕشدا.
شۆڕش ئومێدی زیاتر لە دڵی خەڵکدا دروستدەکات
کوردستان مێژووییەکی دوورودرێژی سەرنەکەوتووی لەگەڵ شۆڕشدا هەیە. ئەو مێژوە درێژە پڕە لە شکست و نشوستی لە بەرامبەر ئامانجەکانی شۆڕشدا. لەلایەکی ترەوە ئەم شۆڕشانە خۆیان بە چەندین شێوە تاقیکراونەتەوە. بونیادنانی بەردەوامی ئومێد و شکستی ئەو ئومێدانە کە ناگەنە ئەنجام، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو بێئومیدییە. زۆرجار هەبووە کە نەک هەر ناگەنە ئەنجام، بەڵکو ئەنجامی خراپتریشیان لێ پەیدا دەبێت و دۆخی خەڵک دەگەڕێتەوە سەر زۆر خراپتر بەر لە شۆڕش. لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەیەکی سیاسی ناشایستە و قێزەون لە کولتووری سیاسی ئێمەدا درووست بوو، ئەمەش بۆ خۆی یەكێکە لە بکوژەکانی ئومێد لەلای خەڵک. ئەو دیاردەیە بریتییە لە بانگەشە بۆ پرسێكی گشتی و مافی خەڵک لە پێناو گەیشتن بە ناوەندەکانی دەسەڵات. کەچی کاتێك زۆرینەی تاکەکان دەگەنە چکۆلەترین ئاستی دەسەڵات، هەموو هیز و ڕەواییەکی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ پتەوکردنی پێگەی تایبەت و شەخسی خۆیان، چ لە ڕووی ماددی و داهاتەوە بێت یان لە ڕووی پایە و پلەی کۆمەڵایەتییەوە بێت.
لەم دەساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەك بزاڤی جیاواز بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە هاتنە مەیدانی خەباتەوە و بانگەشەی چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵکیان دەکرد! سەرئەنجام ئەوانیش لەبەر ئەوەی هەڵگری هەمان کولتوور بوون و نەیانتوانی بوو بەشێوەیەکی باش ئەو پێکهاتە باوە تێپەڕێنن کە لە سیاسەتی بیرکردنەوە و پراکتیکی ئێمەدا هەیە، ناچار تاک تاک و بە گرۆش بە ئاسانی خۆیان دا بەدەست باوەوە و چی باو پێی خۆشە بەو جۆرە دەکەن.
لە کوردستاندا ئەمڕۆ ڕژێمێکی سیاسی، ترسناک سەرپێکەوتووە و بۆ ڕزگار بوون لێی پاکردنەوە و پاکسازی زۆری دەوێت. بەتایبەت ڕژێمێکە بەردەوام گرفتی ژیان و گوزەران درووست دەکات، تەنانەت وەک ڕژێمە ستەمکارەکانی تر ناتوانێت ئیدارەی قەیرانەکان بدات و لایەنی کەمی داواکانی خەڵك قایل بکات. بۆ نمونە؛ ئەو قەیرانە ئابووریەی دروستکرا بەهۆی یاریکردن بە قووتی خەڵکەوە و پاشان بڕینی موچە، کارێکی وای بە خەڵک کردوە دڵنیا بێت کە حکومەت و دەسەڵات لە خەمی میللەتدا نییە. یان بڕوانینە سیستەمە دیکتاتۆری و میلشیاییەکە، کە ئەویش ڕێگرە لە پەراوەکردنی هەر پرۆسەیەکی دیموکراسی ڕاستینەدا، تەنانەت زۆرجار خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکان بە شێوەیەکی مەدەنی بووەتە گاڵتەجاڕی دەستی دەسەڵات.
من سەرنجێکی تر بۆ نا ئومێدی ڕادەکێشم، کەتەواو وابەستەیە بەو ڕکابەرییە ناشەریفەی حزبەکان لەنێو خۆیاندا دەیکەن! نا دروستی و نا بەجێی ململانێی حزبە کوردستانییەکان وای کردوە هەمیشە خەڵك بەرژەوەندی تەسکی خۆیان بخەنە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە، ئەمەش پرسی گشتی لاواز دەکات. لەوانەیە بپرسن چۆن ئەم میکانیزمە بەڕێوە دەچێت! لە بنەڕەتەوە کە حزبەکان پەراوەی چوونە هاوپەیمانی دەکەن لەگەڵ نەیارەکان و لایەنەکانی دەرەوەی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ململانێ حزبییە ناوخۆییەکاندا، ئیتر کەشێکی گشتی بۆ تاکی ئەم حزبانە دروستدەبێت کە هەمیشە خۆیان و حزبەکەیان لە پێش هەموو پرسێکی گشتییەوەن. جار هەیە ئەم پرسی حزبە لە تەکەتولی ناو یەک حزبیشدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەمانە هەمووی هۆکاری سەرەکین بۆ پیشاندانی بێ ئومێدی و بۆ هێنانە کایەی بێ هیواییەک کە خەڵك وا لێدەکات و وایان لێهاتووە ئارەزووی گفتوگۆی پێکەوەییشیان نەماوە. ئەگەر نا هەمیشە دەبێت ئومێد و هیواکانی تاکەکەس لەگەڵ هیوای گشتیدا یەکبگرنەوە، لایەنی کەم کە ناکرێت دژ بەیەک بن! هەرکاتێك بینیمان گفتوگۆ و خەمخۆری تاکەکەسەکان لەدەوری هەمان خولیا دەگەڕێت و دەخوازن پێکەوە کۆمەکی سەرکەوتنی ئارەزوەکانیان بکەن، ئەو کات لە یەکگرتنی هیواکانی تاکە کەسدا هیوای گشتی پێکدەهێنن.
بەگڕێینەوە سەر شۆڕش و ئومێد، ئەوا ڕەنگە بڵێم شۆڕش زیاتر ئومێد لە دڵی خەڵکدا دروستدەکات، هەردوو پرسەکە کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە. بەتایبەتی لە ئێستادا خەڵك ئومێدی نەماوە، یان زۆر زۆر لاواز بووە و ناتوانێت بەم جۆرە بەردەوام بێت. کەواتە ئەشێت دروستبوونی شۆڕشێک ئومێد بگەڕێنێتەوە دڵی خەڵک، بەڵام ئینجاش ئەوە چ جۆرە شۆڕشێکە و کێ دروستی دەکات؟ بۆخۆی پرسیارێکی گرنگە. چونکە خۆ هەموو شۆڕشێک ناتوانێت ئەو هیوا و ئومێدە دروستبکات کە ئێمە لێرەدا گفتوگۆی دەکەین. لەخۆیدا پێویستە شۆڕشێکی ڕاستینە بێت بە چارەسەر و کەرەستەی گونجاوەوە بێتە ناو خەڵک و لەخەڵکەکە خۆیەوە سەرچاوە بگرێت. کاریگەری دەرەکی لەسەر هەنگاوە سیاسییەکانی لای ئێمە کارێکی وای کردووە تەنانەت تاك متمانەی بە هیچ بزاوتێک نەبێت، بۆیە کارکردن لەسەر ئەم تەوەرەش باشترە سەرتاسەری بێت و هەموو کونجێکی جەماوەری بگرێتەوە.