25/08/2024
رۆژی کۆیلایەتی
رزگار هارونی
سەرەتا داوای لێبوردن دەکەم لە کۆیلە چاو گەشەکان کە دوو ڕۆژ دوای رۆژی خۆتان ئەم پۆستەم بۆ کردن.
کۆیلە چییە؟
ئێمە هەمیشە واتێگەیشتوین و وا هێناومانەتە بەرچاوی خۆمان کە کۆیلە کەسێکە زنجیر کراوەتە دەست و قاچییەوە و وەک سەردەمی میسڕیە کۆنەکان هەڕەمیان پێ دروست دەکەن، بەڵام خۆی کۆیلە راستییەکە ئەو دەست و قاچ بەسراوە نییە، کۆیلە ئەوەیە کە کاتێک هەقت دەخۆن و هەر ئامادەی پشتیان بگریت، کۆیلە ئەوەیە ئەو مێشک بۆگەنانەیە کە ئەم بودەڵانەی لێبۆتە فیرعەون و دەیان پەرستن.
وەک گەورە بیرمەندی ئەڵمانی ئارسەر شۆپنهاوەر دەڵێت: کۆیلایەتی ئەوە نییە، لە بەرامبەر پارەیەکی کەمدا ئیش بۆ کەسێک بکەیت.
بەڵکو کۆیلایەتی راستەقینە ئەوەیە پابەندی کۆمەڵێک بیرو بۆچوونی رزیو و پووچ بیت و رەواجیان پێ بدەیت، ئەوە کۆیلایەتییە
جا جیاوازی کۆیلایەتی لە رابردوو ئێستادا ئەوەیە لە رابردودا کۆیلەکان سەرەڕای ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانی گەورەکەی بەڵام هەمیشە دەچەوسێنرانەوە، بەڵام، لە کۆیلەکانی ئەم سەردەمە بەهۆی کۆیلایەتیانەوە توانیویانە ژیانێکی باش بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.
لە سەرەتای سەدەی پازدەدا لە وڵاتانی کۆریا و چینی ئێستادا، دانیشتوان بۆ سێ ئاست دابەشکرابوون چینی خانەدان و دەوڵەمەند، چینی هەژارەکان، چینی پلەنزم و کۆیلە، لەو سەردەمەدا هیچ کەسێک بەویستی خۆی نەیدەتوانی پۆلێنی خێزانەکەی دیاریبکات ئەگەر کەسێک کوڕی کەسێکی پلەنزم بوایە ئەوا راستەوخۆ ئەویش دەکرا بە کۆیکە یان ئەگەر کوڕی خانەدانێک بوایە ئەوە دەکرا بە خانەدان، واتە هەڵبژاردن لە دەستی خۆتا نەبوو، بەڵام لەم سەردەمەدا، ئەوە خۆتی کە دەتەوێت لە کام چین بیت کۆیلە بیت یان هەژار، سەیر لەوەدایە هەمیشە کۆیلەکانی ئەم سەردەمە شانازی بە کۆیلە بونی خۆیانەوە دەکەن یان ئەگەر بتەوێت بە خراپ باسی گەورەکەی بکەیت یان دەتکوژێت یان بە کوشتت دەدات.