Rebin fatah

Rebin fatah Writer and Journalist - Rebin Fatah- The Official Page

14/06/2024

حکوومەت دەستی لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا هەیە

هیچ بەڵگەیەک نییە ئاگرکەوتنەوەکان لە هەرێمی کوردستان بە دەستی ئەنقەست بن. پێشخستنی تیۆری موئامەرە لەو پرسەدا و بەوەی گوایە "دەستێکی تێکدەر" لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، خزمەت دەکات بە پەردەپۆشکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندارەکان لە ڕووداوەکاندا.

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەموو ساڵان بە ژمارەیەکی گەورەوە ئامادەن. بەرگری شارستانی هەولێر، تەنیا لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، هەزار و ٧١١ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردوون.

هۆکاری زۆرینەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ تیمەکانی بەدواداچوون لە بەرگری شارستانی بەزوویی ئاشکراکراون، لەناویاندا ٤٠٪ی ڕووداوەکان بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێتەوە. هەروەها خراپی کوالێتی بەنزین و نەبوونی مەرجی توندوتۆڵی هۆکارن لە سووتانی ئۆتۆمبێل، فڕێدانی جگەرە یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە بووە لە دەغڵودان، پووش و پەڵاش و ناوچە دارستانییەکاندا، بەپێی بەرگری شارستانی هەولێر، زیاتر لە ٩٠ ئاگرکەوتنەوەی لەو جۆرە، بەهۆی فڕێدانی جگەرەوە بووە. نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە کۆگاکانی سووتەمەنی، پاڵاوگەکان، کارگە و پڕۆژەکانی دیکە، بەشێک لە هۆکارەکان پێکدەهێنن و ئاسایی بەشێکی دیکەی ڕووداوەکان بۆ بەرگری شارستانی ڕوون نەبوون و بە "هۆکاری نادیار" پێناسە کراون.

داتاکان

داتاکانی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو بەو شێوەیە بوون؛

زۆرینەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، سووتانی پووش و پەڵاش بوون ٥٧٣ حاڵەت، سووتانی ماڵ ٢٩٨ حالەت، سووتانی ئۆتۆمبێل ٢٦٦ حالەت، ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە دارستانییەکان ١٤٣ حالەت و هەروەها، ٩١ مارکێت و پێشانگا، ٥٣ حالەتی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنەکانی فڕێدانی خاشاک، ٤٥ ئاگرکەوتنەوە لە کێبڵەکانی کارەبا، ٣٨ ئاگرکەوتنەوە لە خەرمان و دەغڵودان، سووتانی ٣٧ مۆلیدەی کارەبایی، ٢٩ حالەتی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی ئاوارەکان، ٢٣ کێڵگەی پەلەوەریی، سووتانی ١٩ باڵەخانە و هۆتێل و چەند ناوەندێکی دیکە لە کارگە، کۆگا، باڵەخانە، نانەواخانە، بەنزینخانە، کۆگای سووتەمەنی، چێشتخانە و کافتریا و ...هتد.

حکوومەت بەگشتی و حکوومەتە خۆجێییەکان بەتایبەت بەرپرسن لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارەکان، لە چارەسەرکردنی گرفتەکان لە هێڵەکانی کارەبا، کوالێتی ئامێرە کارەباییەکان، لە ناچارکردنی شوێنکارەکان بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و لە دۆخی نەبوونی چاودێرییەکی جددی و بەڵکوو هەبوونی چاوپۆشی بە هەر هۆکارێک، ئەو ڕووداوانە دەبارە و سەدبارە دەبنەوە.

بەو شێوەیە، ئەگەر دەستێک لە پشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەبێت، دەستی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، کاتێک ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، لە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هۆکارانەی ڕووداوی نەخوازراو دروست دەکەن.

کاتێک کوالێتی کۆنتڕۆڵەکەت ڕێگە دەدات ئامێرێکی کارەبایی هاوردە بکرێت، کە هەر بە فوویەکی گەرم گڕ دەگرێت، ئێ دەبێت چاوەڕوانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە بکەیت.

کاتێک پڕۆژە و کارگە و کارخانەکان ناچار ناکەیت بە دابینکردنی هیچ مەرجێکی سەلامەتی، مانای ئەوەیە دەتەوێ بسووتێن.

کاتێک کوالێتی بەنزینەکەت، بەو جۆرە بێت کە هەیە، مانای ئەوەیە دەتەوێ هەمووان لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا ببن بە ژەقنەبووت!

11/06/2024

زنجیرە کوشتنەکانی هەولێر

هەولێر وەک هەر شارێکی دیکەی کوردستان کە پتر هێز لەبری یاسا حوکمی دەکات، ماوە ماوە ڕووداوێکی خوێناوی بەرۆکی دەگرێت. ڕووداوەکەی دوێنێ، دەرکەوتەیەکی نوێ و چاوەڕوان نەکراو نییە، شتێک نییە تووشی سەرسوڕمانمان بکات و حالەتێکی چەندبارە و ئاساییبووەوەیە.

ڕووداوەکانی کوشتن و شەڕە چەکدارییەکان، کە هەندێکجار ئەوەندەی سەنگەرێکی پێشەوەی جەنگی دوو وڵات، چەک و تفاقیان تێدا بەکاردەهێندرێت، ئەوەندە ئاساییبوونەتەوە، کە میدیاکانیش هەر وەک هەواڵ و ڕووداوێکی ڕۆژانە و لاوەکی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. سروشتە ئاساییبووەکەیان، وا دەکات ئەو ڕووداوانە هیچ کات نەبن بە پرسێک بۆ قسەلەسەرکردنی جددی لەلایەن بژاردە و توێژەرانەوە.

ناوەندە ئەکادیمییەکان، هێشتا زۆر لەوە کۆڵەوارترن لەڕێگەی توێژینەوە و سازدانی چالاکی زانستییەوە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرس و بابەتانە بکەن، کە ڕاستەوخۆ پێوەستن بە ئاسایشی تاک و کۆمەڵگاوە و خودی ئەندامانی خۆیشیانەوە.

کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان، وەک هەر کۆمەڵگایەک کە یاسا تێیدا نیمچە قاچاغە، دادگاکان خەمسارد و کەمدەسەڵاتن، ئاساییە گرووپە چەکدارەکان تێیدا دەربکەون و گەشە بکەن.

زنجیرەی شەڕ و کوشتارەکانی ئەو ماوەیە، هاوکاتن لەگەڵ هاتوهاواری حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ، لە پرسی چەکداماڵین و کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت. بەڵام؛

سروشتی ڕووداوە چەکدارییەکان، کاتێک دەیان چەکبەدەست و گرووپی چەکدار بەرانبەر گرووپی چەکدار دەوەستنەوە، نیشاندەرێکی گرنگە لەوەی چەکداران لە گرووپە پاڵپشتیکراوەکانن، چ لە ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش خۆیان یان ئەو کەس و گرووپانەی لە بەرانبەر پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتداران و حوکمڕاناندا، بە دەربڕینی خۆیان (مخەوەل)کراون لە هەڵگرتنی چەک و تەقەکردن و لە کۆتاییشدا کوشتن!

گومانی زۆر هەن، شەڕەکانی لەو شێوەیە، هیی چەکی بێمۆڵەت بن، بەڵکوو چەک و چەکهەڵگری ڕێپێدراو.

پاساوێکی لەرزۆک کە لە دوای هەر ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا و وەک ئەوەی ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر دووبارەی کردەوە، ئەوەیە کێشەیەکی کۆن هەبووە و کێشەکەیش لەبەردەم دادگادا بووە، بەڵام لایەنە شەڕکەرەکان چاوەڕوانی بڕیاری دادگایان نەکردووە و لەکۆتاییدا مەرگەساتێکی لەو شێوەیەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەو پاساوە کە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەخرێتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی هیچ شەفاعەتێک بۆ حوکمڕانان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناکات، بەڵکوو سەلمێنەری خەمساردی و بێدەسەڵاتی دەسەڵاتی شەرعی و لەناویاندا دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییە، وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیستەمی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستاندا.

گرفتێکی کۆن، کە پێشتریش شەڕی چەکداری لەسەر دروستبووە، چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕبووە و هێشتا دادگا و حوکمڕانان لە خەو ڕانەبوون و دەڵێن جارێ زووە!

هێشتا گرفتی دیکەیش هەن، کاتێک خەڵک متمانەیان بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری نییە کە توانای بەدیهێنانی دادپەروەری هەبێت، چاوەڕوانکراوە هەر خۆیان و بەڕێگەی خۆیان هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بدەن، ڕێگە باوەکە زۆرجار بەکارهێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگە.

دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان، دەبێت وەک بەرپرسیاری سەرەکی لە زۆرێک لەو ڕووداوانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. خەمساردی ئەوان لە زوو یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەلایەک و لەلایەکی دی، لاوازییان لە بەدیهێنانی دادپەروەری، پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت یان سازش لەسەر مافە زەوتکراوەکەی بکات، یان بەڕێگەی توندوتیژییەوە هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.

ئەوە ڕوودەدات، کاتێک لایەنە ناکۆکەکان لە ڕیزی هێزە چەکدارەکانن یان بە هەر ڕێگەیەک چەکدارن. کاتێکیش پارە و بەرژەوەندی هاتە ناو بابەتێکەوە، چەکداری زۆریش کۆدەبنەوە!

کوردبوونی ئێزدییان١- هەوڵەکەی پەرلەمانی عێراق، بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ناساندنی ئێزدییەکان  وەک "نەتەوەیەکی سەربەخۆ"، وات...
09/06/2024

کوردبوونی ئێزدییان

١-
هەوڵەکەی پەرلەمانی عێراق، بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ناساندنی ئێزدییەکان وەک "نەتەوەیەکی سەربەخۆ"، واتە دابڕاندنی گرووپێکی کورد لە کورد خۆی، دەرفەتی سەرکەوتنی زۆر نییە، بەڵام دەبێت وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئەو مەترسییەمان بیربخاتەوە، کە لەسەر کورد بەگشتی هەیە؛ پووکاندنەوە و لەناوبردنی نەتەوەیەک، لە ژێر هەر ناو و بە هەر ڕێگایەکی نەرم یان پڕ لە زەبروزەنگ.

٢-
کوردبوونی ئێزدییان، پرسێکی گرفتهەڵگر نییە. گرووپێک لە پێڕۆکارانی ئایینێکی جیا لە ئایینی زۆرینە. ئایینێک کە دەقە پیرۆزەکانی بە زمانی کوردیین و پەرستگا هەرە پیرۆزەکەی لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستانە؛ لالش پەرستگای پیرۆزی ئێزدییانی هەموو جیهان! گرووپێک کە زۆرجار خۆیان وەک کوردی ڕەسەن پێناسە دەکەن، کوردانێک ئامادە نەبوون لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری بیروباوەڕی ئایینی و فەرهەنگەکەیان بن.

٣-
بە پێچەوانەی زۆرینەی گرووپە ئایینییەکانی دیکەی کوردەوە، لەناویاندا شەبەک و کاکەیی، ئێزدییەکان تۆکمەترین گرووپی ئایینی بوون؛ لەڕووی شوناسی ئایینی و نەتەوەییەوە تووشی لێکترازان و دابەشبوون نەکرا بوون. لە دوای جینۆسایدەکەی ٢٠١٤ەوە، بەرنامەیەکی ورد و چڕ بۆ دروستکردنی هەمان لێکترازان لەناو کۆمەڵگەی ئێزدی بەڕێوەدەچێت. سەرەتای لێکترازانەکە، بە دابەشکارییەکی سیاسی دەست پێدەکات، بە دەستتێخستنی ئێران و عێراق لە ڕێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە.

٤-
پەکەکە هاوتەریب لەگەڵ ستراتیژیەتی ئێران، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ حەشدی شەعبی، بە هەمان ئاڕاستەدا کار دەکات و دنەی ئێزدییەکان دەدات بۆ خۆجیاکردنەوە و لەبەرکردنی بەرگێکی ناکوردی.

٥-
ناتوانایی هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی پارتی بە پلەی یەکەم و یەکێتی بە پلەی دووەم لە پارێزگاریکردن لە ئێزدییەکان لە بەرانبەر هێرشەکانی داعشدا، جێهێشتنی کۆمەڵگەی ئێزدی لەبەردەم تیرۆریستان و جینۆسایدکردنیان، هۆکاری یارمەتیدەر بوون لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێزدی بەتایبەت لە شنگال، خۆیان لە حەشدی شەعبی و گرووپە شیعییەکان نزیک بکەنەوە و وەک فریادڕەس سەیریان بکەن. لە دۆخێکدا بە کرداری پێشمەرگە و چەکدارانی حزبە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان پارێزگارییان لێ نەکردن و بەنزیکەیی جێیانهێشتن.

٦-
کۆمەڵگەی ئێزدی لە مێژووی دوور و نزیکی خۆیدا، ڕووبەڕووی چەندین شاڵاوی قڕکردن و لەناوبردن کراونەتەوە. جار هەبووە میرنشینە کوردەکان بەشدار و جێبەجێکاری ئەو شاڵاوانە بوون لەلایەک و لەلایەکی دیکە، کۆمەڵگەی ئێزدی بەکرداری کۆمەڵگەیەکی پەراوێزخراو و ژێر هەڕەشە بووە. کۆمەڵگەیەک کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی لەناوبردنی کورددا، تووشی کوشندەترین گورز کراوەتەوە و لە ساڵانی دواتریشدا، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان هیچ کات لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا نەبووە کە توانای لەخۆگرتنی کۆمەڵگەی ئێزدییانی هەبێت.

٧-
گرووپ و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، ئەوانەی کە کۆمەڵگای زۆرینە و دەسەڵات دان بە شوناسیان دانانێت، هەردەم بەدوای ساخکردنەوەی ناسنامەی خۆیاندا دەگەڕێن. دەسەڵات و سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان هێشتا دانی بە ئێزدییەکان وەک هەر هاووڵاتییەکی کوردستان دانەناوە، ئینسانی ئێزدی هیچ کات هەمان ئەو مافانەی نییە کە هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان هەیەتی. تەنانەت یاسای باری کەسێتی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا گرێبەستی هاوسەرگیرییش بە هاووڵاتییانی ئێزدی ڕەوا نابینێت! هەمان دەرفەتی کار کە هەر هاووڵاتییەکی کوردستان هەیەتی، بۆ هاووڵاتییانی ئێزدی نییە، لە زۆر شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستاندا، ئینسانی ئێزدی تەنانەت بە کرێکار و کارمەند لە کافتریا و چایخانە و چێشتخانەیەک وەرناگیرێت-بەهۆی جیاوازی ئایینییەوە-، ئەوان سەد لە سەد مرۆگەلی ڕەتکراوەن!

٨-
بەرگری لە کوردبوونی ئێزدییان و پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەییان، پێش هەر شتێک بە دابینکردنی مافەکانیان وەک هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان دەبێت. ناشێت تۆ خۆت تەنانەت دان بە مافەکانیان وەک هاووڵاتی دانەنێیت و چاوەڕوانیش بکەیت هەموو بەیانیان "ئەی ڕەقیب"ت بۆ بڵێن!

٩-
هاوڕێی زۆرم لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا هەن، لە هەردوو بەرەی خۆیان وەک "کوردی ڕەسەن" پێناسە دەکەن یان کوردبوونی خۆیان ڕەت دەکەنەوە. ئەوانەیش کوردبوونیان ڕەت دەکەنەوە و دەستیان بە (ئێزدیاتی) وەک بارێکی (ناکوردی) گرتووە، هۆکار و پاساوی خۆیان هەیە. پێش هەر شتێک ڕەتکردنەوە و دانپێدانەنان لەلایەن کۆمەڵگەی زۆرینە و سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە.

ئایا کێشەی مووچە چارەسەر بووە؟ئەگەر وادابنێین کە پاڵپشت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، گرفتێک لەبەردەم مووچەدا نەماوە، وەک...
04/06/2024

ئایا کێشەی مووچە چارەسەر بووە؟

ئەگەر وادابنێین کە پاڵپشت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، گرفتێک لەبەردەم مووچەدا نەماوە، وەک ئەوەی بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوەڕۆکی خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤دا هەبووە، هێشتا گرفت و ئاڵۆزی دی لە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەن، لەناویاندا بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان، تێچووەکانی نەوت و پرسی داهاتە نانەوتییەکان و هەر یەک لەوانەیش بە ئاستی خۆی، گرفت دروست دەکەن.

شارەزاکانی دارایی و هەموو ئەوانەی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، چاودێری پرسە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کردووە، دەزانن گرفتەکان لەوە ئاڵۆزترن بەسادەیی وەربگیرێن و هەتا لە یەک ڕەهەندەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

لە دۆخی عێراقدا، هەر بە تەنیا هەبوونی یاسایەک ناتوانێت دڵنیایی لە ڕاستەڕێبوونی دۆسیەیەک بدات. لە بارێکدا دەستوور بەئاسایی و ئاسانی پێشێل دەکرێت، پێشێلێکردنی یاسای بودجە، کە لە بنەڕەتدا یاسایەکی کاتییە، ئەوەندەیش ئەستەم نییە.

یاسا پێویستی بە هێزێکی پشتیوانییە کە لایەنەکان ناچار بکات پابەندی بن. کە ئەو هێزە پشتیوانییەی یاسا نەبوو، هەر لایەک بەڕادەی هێز و پێگەکەی و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵی سەپاندنی یان پێشێلکردنی دەدات، ئەوە لە پێوەندی بەغدا و هەولێر هەر وا بووە.

ئێستا خشتەکانی بودجە پەسندکراون، ژمارەکان سەرنجڕاکێشن، وەک هەموو جاران هەر وا بوون، بەڵام گرفتی دەقەکان ماون، لەکاتێکدا دەقەکان چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خشتە و ژمارەکان دیاری دەکەن، هەمووانیش دەزانن خشتە و ژمارەکان لە بودجەکانی پێشووشدا زۆر گرفتهەڵگر نەبوون.

حاڵەتێک کە بەردەوام ئومێدێکی ساختە و درۆیین بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەو دەهۆڵەیە کە لە پاش پەسندکردنی هەر بودجەیەک و هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەڤاڵانی لەمەڕ خۆیان بەناوی سەرکەوتنەوە دەیکوتن و دەڵێن تەواو هەموو شت چارەسەر بوو.

ناکۆکییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناکۆکییەکانی دیکەیش، پێویستیان بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە، لەو نێوانەدا (یاسای بودجە) توانای دابینکردنی ئەو چارەسەرییە ڕیشەییەی نییە.

هیچ دۆسیەیەکی گرنگ لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە، کە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی ڕیشەیی لەسەر بێت، لە خاک، پێشمەرگە، نەوت و داهاتەکەی، هەروەها داهاتە نانەوتییەکان و ...هتد. هەر یەک لەو دۆسیانەش گرفت و ئاڵۆزی خۆیان هەن، چۆن ئیدارە دەدرێن و کێ ئیدارەیان دەدات؟

دۆسیەکان پێوەستن بەیەکەوە، زۆر چاوەڕوانکراوە گرفت لە هەر یەکێکیان کاریگەری بێچەندوچوون لەسەر ئەوی دی دابنێت. سەرەڕای ئەوەی هەموو هەوڵەکانیش بەو ئاڕاستەیە بوون، کە بابەتی مووچە لە سەرجەم دۆسیەکانی دی جیا بکرێنەوە، ئێستایش مووچە لە خەرجیی فیعلی جیاکراوەتەوە، واتە کۆتوبەندی سەر خەرجکردنی مووچە لەوەی پەیوەندی بە خەرجی فیعلییەوە هەبوو، هەڵگیراون، ئەوە هەندێک ئومێدبەخشە، بەڵام نەک توانای تێپەڕکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای نییە، بەڵکوو چاوەڕوانکراوە لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکان لە هەرکام لە دۆسیە پڕ لە کێشەکاندا، دووچاری گرفتی نوێ ببێتەوە.

داهاتوویەکی نزیک نەک دوور، زۆر شت یەکلا دەکاتەوە.

25/05/2024

دوو هەفتەی ڕابردوو، لیستی ناوی ٨٢١ فەرمانبەر ئاڕاستەی تی بی ئای کراوە، ئەگەر هەفتانە تەنانەت ٥٠٠ ناویش بۆ بانکەکە بنێردرێت و پڕۆسەکە هەر بەو شێوەیە بێت، ئەو (تەوتین)ەی بڕیارە لەڕێگەی بانکی بازرگانیی عێراق بکرێت، دەوری (٣٠) ساڵ دەخایەنێت بۆ تەنیا (٧٠٠) هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان.

ئێ، ئیش ئەوها ناڕوا.

گرافیک؛ تەواوی وردەکاری بودجەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە بودجەی گشتی ٢٠٢٤دا- ئەمساڵ بەراورد بە بودجەی ٢٠٢٣، نز...
22/05/2024

گرافیک؛ تەواوی وردەکاری بودجەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە بودجەی گشتی ٢٠٢٤دا

- ئەمساڵ بەراورد بە بودجەی ٢٠٢٣، نزیکەی چوار تریلیۆن دینار کە ڕێژەی ١٢٪ دەکات خراوەتە سەر بودجەی ئەمنی و سەربازییەوە

- ئەمساڵ زیاتر لە ٨١٢ ملیار دینار بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەراورد بە پار زیادکراوە

لەم لینکەدا، سەرجەم زانیاری و وردەکارییەکان ڕوونکراونەتەوە؛
https://zedpress.krd/political/11761/

20/05/2024

خوا ئەو خۆشییەمان لێ تێک نەدا😉

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری دەستەی ژینگە لە دیداری زێدپرێس دالە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی نێوان میدیا و گوتەبێژانی ...
14/05/2024

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری دەستەی ژینگە لە دیداری زێدپرێس دا

لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی نێوان میدیا و گوتەبێژانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی زێدپرێس لە هەولێر، میوانداری ڕەزاق خەیلانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کرا.

دیدارەکە، بە بەشداری ژمارەیەک لە میدیاکارانی کەناڵە جیاجیاکان، مامۆستایانی زانکۆ و چالاکانی بواری ژینگەیی بەڕێوەچوو؛ گفتوگۆیەکی کراوە، کە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو درێژەی کێشا.

ڕەزاق خەیلانی، کە هاوکات گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەیە، بەوردی هەڵوەستەی لەسەر پرسەکانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆڵی دەستەی ژینگە کرد. هەروەها، شێوازی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی دەستەکەیانی لەگەڵ میدیاکان ڕوونکردەوە.

بەشدارانی دیدارەکە، بە خستنەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج، گفتوگۆیەکی هاوبەشیان دروست کرد.

دیدارەکانی زێدپرێس، بە ئامانجی بونیادنانی پەیوەندی و کەشێکی ئەرێنی لە نێوان میدیاکاران و دامەزراوە فەرمییەکان بەردەوام دەبن.

11/05/2024

حکوومەتی هەرێم خۆی، شایانی بەرگرییەک نییە، تەنانەت ئەگەر ڕاستیشی لەکن بێت؛ ئەوان مانگانە ملیۆنان دۆلار لە چەند میدیای بەتاڵ و سەدان پەیجی پاتاڵ خەرج دەکەن و ئەرکەکەشیان بریتییە لە پەلاماردانی ناشەریفانەی ئەم و ئەو، لەپێناو ئەم و ئەوێکی دی!

لە دۆخێکدا، هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، لەژێر کاریگەری هەڵمەتێکی میدیایی و شەڕێکی سەختی دەروونیدایە؛ کە ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تێدا بە ئامانج گیراوە؛ هەمووانیش دەزانین ئەو هەڵمەتە لەکوێوە دێت و سەرچاوە دەگرێت.

لەو دۆخەدا، تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی، مرۆیی و نیشتمانی هەبێت، بریتییە لە بەرگری لە ڕاستی لە پێناو خەڵکێک، کە گیرۆدەیە بەدەست گوتارێکی ساختە و دەسەڵاتێکی بێباکەوە.

لە ڕۆژێکدا کە خەڵک گومانێکی نییە ماست ڕەشە، مانەوە لەپاڵ ساختەگۆیان، ئاسانە، پێداگیری لە سپێتییەکە گرانە.

"هەر کەسێ نادان نەبێ، خۆی تاڵیبی مەعنا دەکا".

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە دیداری زێدپرێسلە چوارچێوەی دیدارەکانی نێوان گوتەبێژانی دامەزراوەکانی حکوومەت و ...
08/05/2024

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە دیداری زێدپرێس

لە چوارچێوەی دیدارەکانی نێوان گوتەبێژانی دامەزراوەکانی حکوومەت و میدیاکاران، لە ئۆفیسی سەرەکی زێدپرێس لە شاری هەولێر، میوانداری دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرا.

دیدارەکە، ئەمڕۆ چوارشەم، ٨ی ئایاری ٢٠٢٤، بە بەشداری ژمارەیەک لە میدیاکارانی کەناڵە جیاجیاکانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی زانکۆ بەڕێوەچوو.

دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی وەزارەتەکەیان و لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میدیاکاران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، جەختی لە پابەندبوونی وەزارەتەکەی بە خستنەڕووی داتا و زانیاریی بۆ ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردەوە؛ باسی لەوە کرد، پێشینەی کاری ڕۆژنامەوانی و ساڵانێک کارکردنی وەک میدیاکار، یارمەتیدەر بووە لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ میدیاکاران و لە ڕەخساندنی دەرفەتێکی یەکسان لەبەردەم میدیاکاران لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی گرێدراو بە وەزارەتەکەیان.

بەشدارانی دیدارەکە، پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەسەر ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی لە دەستگەیشتن بە زانیاری و لە پەیوەندی لە نێوان میدیا و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان هەن.

دیدارەکانی زێدپرێس بەردەوام دەبن، بە ئاڕاستەی بونیادنانی پەیوەندییەکی ئەرێنی لە نێوان میدیاکان و دامەزراوە فەرمییەکان؛ لەڕووی دەستگەیشتن بە زانیاری، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم میدیاکاران لە دەستگەیشتن بە زانیاری و لە کاری میدیاییدا.

(وێنەی پێکهاتەکان لە میدیای کوردیدا- ئێزدی بە نموونە)ناونیشانی باسێک بوو کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم لە بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیر...
26/04/2024

(وێنەی پێکهاتەکان لە میدیای کوردیدا- ئێزدی بە نموونە)

ناونیشانی باسێک بوو کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم لە بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە دهۆک، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ئەکادیمی و چالاکان و میدیاکارانی ئێزدی پێشکەشم کرد و لەگەڵ بەشداران گفتوگۆمان لەسەر کرد.

بەرئەنجامی کارێکی خۆم، ڕوونمکردەوە کە زۆرینەی ڕەهای ئەو بابەتانەی لەمیدیاکاندا پێوەست بە ئێزدییەکان دەخرێنەڕوو، بریتین لە ڕاگەیەندراو و بەیاننامە، نەک چاودێری و بەدواداچوونی تایبەت لەمیدیاکانەوە.

هەروەها، زۆرجار میدیاکان پرسی پێکهاتەکان، لەچوارچێوە و لە پاشکۆی ئەجێندایەکی تایبەت دەوروژێنن، بەتایبەت لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکاندا. لەو دۆخەشدا پێکهاتەکە ئامرازە نەک ئامانج.

هەندێک داتام خستەڕوو، کە زۆرجار بژاردەی ئێزدییەکان تەنیا لە ڕووماڵی پرسەکانی پێوەست بە ئێزدییان ئامادەییان هەیە و میدیاکان لە گفتوگۆکردنی پرسە گشتی و سەرەکییەکاندا بژاردەی پێکهاتەکان پەراوێز دەخەن، ئەوەش وەک گۆشەگیرکردن و هێشتنەوەی پێکهاتەکە لەپەراوێزدا.

لاوازی مامەڵەی میدیا گشتییەکان پاڵی بە پێکهاتەکان و لەناویاندا ئێزدییەکان ناوە، میدیای تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، ئەوانە هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام مەترسییەک دروست دەکەن کە جارێکی دیکە پەراوێزی و گۆشەگیری پێکهاتەکان پشتڕاست دەکەنەوە، بەدابڕاندن لە بوار و پانتایی گشتی کۆمەڵگا.

دەبێت پێش هەر شتێک ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاوبێت، بە زەقی دەرکەوتنی پرسی ئێزدییەکان لە میدیای کوردیدا، گرێدراوە بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە ٢٠١٤دا و لەوکاتەوە میدیاکان دەبن بە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی ئەو تاوانە و خستنەڕووی شوێنەوارەکانی، لەوێوە وێنەی ئێزدییەکان وەک "قوربانی" دێتە ناو میدیای کوردییەوە، ئەو وێنەیە تا ئێستا درێژە بەخۆی دەدات.

سەرەڕای گەورەیی و سەختی جینۆسایدەکە و شوێنەوارەکانی، بەڵام قەتیسکردن و هێشتنەوەی ئێزدییەکان لە وێنەی "قوربانی"دا، زیاتر لە لێکەوتێکی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەم لەسەر تاکی ئێزدی، هەم لەسەر ڕوانگەی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ئێزدییەکان بەگشتی و هەمیش لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت بەرانبەر ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی گەورە لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە (دیداری زێدپرێس)دائەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤، ل...
27/03/2024

سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە (دیداری زێدپرێس)دا

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی نێوان میدیاکاران و گوتەبێژ و بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن لە دامەزراوە فەرمییەکانی کوردستاندا، زێدپرێس میوانداری کارۆخ خۆشناو سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە دیدارەکەدا، کە بە بەشداری و ئامادەبوونی حاکم ئازاد حەمەدئەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاسۆ حاجی جێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم، ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ، میدیاکارانی کەناڵە جیاجیاکان و چالاکانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لە پێوەندی نێوان میدیا و دامەزراوە فەرمییەکان کرا.

کارۆخ خۆشناو، کورتەیەکی لەمەڕ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ میدیاکان پێشکەش کرد و باوەڕبوونی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بە پڕەنسیپەکانی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی دووپات کردەوە. هەروەها باسی لە مامەڵە و پێوەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و میدیاکان بەگشتی کرد.

بەشدارانی دیدارەکە، سەرنج و تێبینییەکانیان پێوەست بەو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی لەو پێوەندیدییەدا هەن، خستەڕوو. میدیاکاران بەتایبەت سەرنجیان لەسەر جیاکاری لە نێوان کەناڵەکانی میدیایی لە مامەڵەی دامەزراوە فەرمییەکان، هەروەها گرنگی پیادەکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، چڕکردەوە.

زێدپرێس درێژە بە دیدار و گفتوگۆکان لە نێوان میدیاکاران و بەرپرسانی ڕاگەیاندن لە دامەزراوە فەرمییەکان دەدات، بە ئامانجی بونیادنانی پێوەندییەکی ئەرێنی لەو نێوانەدا.

Address


Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Rebin fatah posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Videos

Shortcuts

  • Address
  • Telephone
  • Alerts
  • Videos
  • Claim ownership or report listing
  • Want your business to be the top-listed Media Company?

Share