22/03/2023
تێکەڵکردنی نەوڕۆژی کوردی بە جەژنی پیتاکی پێرسیاییەکان(ئێرانی ئەمڕۆ) ستەمێکە کورد لەبونی خۆیی دەیکات!
جەژنی دەسپێکی بەهار لای پێرساییەکان جەژنی کۆکردنەوەی پیتاک و خواردن بوە لای پیرەکانی زەردەشت لەیەکەم ڕۆژی بەهاردا و دابەشکردنی بەسەر هەژاراندا!
جەژنەکه بەم چەشنە بوە بەیانی یەکەم ڕۆژی بەهار هەرکەس چی لێ زیادبوبێت لە خواردن و پێداویستی لەماڵی خۆیی بردویەتی بۆ گۆڕەپانێک پیرەکانی زەردەشت سەر پەرشتیان کردوە دواتر داویانە بەو کەسانەی خواردنیان تەواو بوەو بەشی تا پێگەشتنی بەرهەمی تازەیان نەماوە!
چونکە بەهار وەرزێکە خواردنی ساڵی ڕابردو نامێنێت و خواردنی ساڵی داهاتوش پێ نەگەییوە!
بۆیە جەژنەکه سەرەتا لەسەر بنەمایەکی هەرەوەزیی و کاری هاوبەش و چاکەکردن لەگەڵ یەکدا دروست بوە بۆیە بە جەژنی جوتیاران و خەڵکی بومیش ناسراوە!
دواتر هەندێ شتی تری بۆ زیادکراوە وەک ئامادەکردنی خوانی ئێوارە بۆ هەژاران بۆ ماوەی ١٣ڕۆژ و ئامادەکردنی خواردنی حەوت سینی بۆ سوپاس کردنی زەوی و خاک و بەرهەمەکانی...
بەڵام کورد کەی ئاشنایە بەم کلتورە؟ کورد کەمینەیەکی زۆرکەمی زەردەشتی بوە بۆیە ئەم نەریتە نەبوە بەنەریتی کورد!
لای کورد نەورۆز ئێوارەیەکی شۆڕش و بەرخۆدانی پاشا دیاکۆ و هاوڕێکانی بوە بەجەنگان لەگەڵ ئاشورییەکان هەر گرد و تەپۆڵکە و لوتکەی چیاییەکیان ئازاد کردوە ئاگرێکیان لێ کردوەتەوە وەک بروسکە بۆ ئاگەدارکردنەوەی هۆزه کوردییەکانی تر و هەروەها سیمبولی سەرکەوتنیش بوە!
بەیانی ڕۆژی دواتر خەڵک کردویەتی بەڕەشبەڵەک و گۆرانی هەڵپەڕین و جەژن و ئاهەنگێڕانی سەرکەوتن و ئاو بێنە و دەست بشۆ ئەمە کەلەپوری کوردە نەک شتی تر!
ئەفسانەی کاوەو زوحاکیش شەرمە چیتر خوێندەواری کورد باسی بکات ئەوە خەیاڵی نوسین بوە لای فیردەوسی هەروەک ئەفسانەی ڕۆستەم و زۆراب نە لەمێژوو نە لەشوێنەوارزانی جێگایەکیان نیە ئەم چیرۆکە خەیاڵییانە و تەمەنیان تەنها ٤٠٠ساڵە!
تاکە ئەفسانەی نەورۆز کە یونسکۆش دانی پێداناوە ئەوەی پاشا جەمشیده کە تاجێکی تایبەتی لە بەردی گرانبەها و دوڕو مرواری و یاقوت هەبوە لەیەکەم ڕۆژی دەسپێکی بەهار بەیانی بەر لە خۆر هەڵهاتن لەسەری ناوەو ڕوی لەخۆر هەڵهاتن کردوە کاتێک تیشکی خۆر لێی داوە وەک خۆر درەوشاوەتەوە!
بەردەو کۆیلەو خەڵکەکەی هاواریان کردوە نوێ ڕۆش مەبەستیان بوە بڵین جەمشید خۆری نوێی سەرزەوییەکەیانە، دواتر خەڵک یادی ئەم ڕۆژە و جەمشیدیان کردوەتەوە چونکە لایان وابوە پاشای ئاوەدانی و خۆراک زۆری و خۆشگوزەرانی بوە!
بەڵام ڕەنگە جەمشید بۆ وەرگرتنی وزەو هێز لە خۆر وای کردبێت چونکە جەمشید میترایی و خۆرپەرست بوە!