15/05/2024
پیرۆزبایی دکتۆر کەمال کەرکووکی بە بۆنەی شەست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە
ئەمڕۆ یادی شەست و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەینەوە و... بەم بۆنە ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکە و ئەندامەکانی و سەرجەم مامۆستایانی بەڕێزی کوردستان دەکەین.
ئەم دامەزراوە پەروەردەییە باڵایە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە ساتێکی مێژوویی گرینگدا دامەزرا و بەشداریی لە خەباتی گەلەکەماندا کرد. ئەوە بوو مامۆستایانی کوردستان بەرپرسیارێتییە مەزنەکانی خۆیان لە پەروەردە و فێرکردن و هۆشیارکردنی کۆمەڵگادا بە ئاستێکی پیشەیی بەرز و دڵسۆزییەکی زۆر بۆ نەوە لە دوای نەوەی گەلی کورد بە ئەنجام گەیاند. بە درێژایی خەباتمان لە پێناو ئازادی و شکۆی کوردستان و سەربەرزیی نیشتمان، مامۆستایانی بەڕێز ئەرکی زۆریان کێشا و، مامۆستایان بەشداریی کارایان هەبوو لە شۆڕشەکانی گەلەکەماندا، وەک شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گوڵان و، لەخۆبوردووانە و بە پێداگریی زۆرەوە لە سەر بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی ئەرکە پەروەردەیی و فێرکارییەکانیان بەرامبەر قوتابییانمان لە گەرمەی کاروانی شکۆمەندی خەباتدا، ئەرکی پیرۆزی خۆیان ئەنجام دا. سەرکەوتنی ڕۆڵەکانمان و بەردەوامیی پێشکەوتنیان لە بواری پەروەردەدا یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرینگەکانی کاروانی خەبات، کە لە سەختترین کاتەکاندا پڕۆسەی فێربوون نەوەستا.
بەم شێوەیە و لە تاریکترین و سەختترین دۆخەکاندا، ئەم توێژە سەربەرزەی گەلی ئازیزمان، لە کارکردن و ڕاپەڕاندنی بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نەتەوەییەکانیان لە پێناو خزمەتکردنی نەوەکانمان و کوردستانی پیرۆزدا بەردەوام بوون و، توانییان لە ڕێگەی کاری سەندیکایی شەرەفمەندانەیانەوە بەشێک لە مافە ڕەواکانیان بەدەست بهێنن. ئێمەیش لە پاڵپشتیکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەردەوام دەبین.
سڵاوی پڕ لە ڕێز و شکۆ بۆ گیانی پاکی شەهیدانی مامۆستایانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفالکراو و، سەروەریان سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی و کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد... سڵاو لە هێزی پێشمەرگە، پاڵەوانانی پارێزەری کوردستان.