27/05/2024
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست..بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە پەیوەست بە چارەسەر نەبوونی کێشەی مووچە و ئەو دەستدرێژی و تاوانکاریانەی بەرامبەر سروشتی کوردستان بە گشتی و شاری سلیمانی بەتایبەتی دەکرێت بە پێویستمان زانی هەڵویستی بەرەی گەل لەو روەوە بخەینە بەردەم رایگشتی:
یەکەم: چارەسەر نەبونی ریشەیی کێشەی مووچە بە گشتی و موچەی هێزی پێشمەرگە، پۆلیس وهێزە ئەمنیەکانی تر بەتایبەتی کە بۆ ماوەی دوو مانگە دواکەوتوە جێگای نیگەرانی قوڵمانە و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەشیكی گەورەی ئۆباڵی چارەسەرنەبونی ئەو کێشەیەیان لە ئەستۆدایە.
ئەمە شکستێکی گەورەیە بۆ دەسەلاتداران کە بەمجۆرە لە ئاست دواکەوتنی مووچەی هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی تر کە ئەرک و بەرپرسیارێتی گەورەیان لەسەر شانە کەمتەرخەمن، لە کاتێدا ئەو گروپە دەسەڵاتدارە لە هەمو کاتێک زیاتر چالاکن بۆ کۆکردنەوە و دزینی پارەی قاچاخچێتی نەوت و گومرگەکان و داهاتی ناوخۆ.
ئێمە لەبەرەی گەل لە کاتێکدا داواکارین بەزوترین کات چارەسەری کێشەی موچە بە گشتی و موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەتی بکرێت، رایدەگەیەنین کە شکستی بەردەوامی دەسەڵاتداران بۆ دۆسێی موچە لە لایەک و بەردەوامیان لە سیاسەتی تاڵانی داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی مایەی قبوڵکردن نییە و دەبێ کۆتایی بێت.
دووەم: نیگەرانین لەو هەوڵانەی دەسەڵات و کۆمپانیاکانی بەرامبەر شاخ و بەرزاییەکانی سلێمانی بە گشتی و چیای گۆیژە بە تایبەتی دەیکەن و ئەو تاڵان و بڕۆیەی لەزەوی و زاری سلێمانی و تێکڕای شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرێوە دەچێت رەتکراوەیە و دەبێت رابگیرێت، هەموو ئەو زەویانەش کە لە دەشتایی و گرد و بەرزایی و چیاکان داگیرکراون دەبێ بگەڕێندرینەوە.
بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە بەرامبەر سروشت و ژینگە و جوانی سلێمانی دەخەینە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات و داواکارین رایگشتی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا و تێکرای چین و توێژەکان دژ بەم تاوانە هەڵوێست وەرگرن و بێنە سەرخەت و دەستخۆشی زۆریشمان هەیە لە هەموو ئەو قەڵەم و دەنگ ورەنگە بوێر و ئازایانەی رایگشتی سلێمانین دەرهەق بەو تاوانکارییە جوڵاندوە.
ماوەیەکی زۆر نییە کە نزیکەی ٤٠٠ ملێۆن دۆلاری دزراوی داهاتی سلێمانی لە دەرەوەی وڵات دەستی بەسەردا گیراو، کەچی دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە دەرسیان وەرنەگرتوە و بەردەوامن لە بەتاڵانبردن و شکاندنی شکۆی شاری سلێمانی، ئەو شارەی لە مێژوی خەباتی رزگاریخوازی و فیداکارییدا سەرمەشقە و هەر لەبەر ئەوەشە کە چەندین نازناوی هاوشیوەی شاری هەڵمەت و قوربانی و شارە حەیاتەکە و پایتەختی رۆشنبیری وەرگرتوە.
ئێمە لە بەرەی گەل، داواکارین ئەم تاوانانە بەرامبەر سلێمانی و سروشتە جوانەکەی کە بەناوی وەبەرهێنان و پرۆژەی نیشتەجێبون و رێگاوبانەوە دەکرێ و ئامانجەکەی بەرژەوەندی ماددی و کۆکردنەوەی پارەیە لەسەر حیسابی سلێمانی وخەڵک و خاک و سروشتە جوانەکەی، بە خێرایی ڕابگیرێ.
هیچ هێز و دەسەڵاتێک بە بەعسیشەوە نەیتوانیوە ئیرادە و خۆراگری سلێمانی بشکێنێ تا دەسەڵاتدارانی ئێستا بتوانن، ئەو زیادەرۆیی و تاوانانە بەرامبەر سلێمانی لە ئیستا و ئایندەشدا قبوڵکراو نین و بە توندی دژیان دەوەستینەوە.
بەرەی گەل
٢٧ ی ٥ ی ٢٠٢٤